نووسینی : جوتیار حاجی تۆفیق
له مێژووی نه‌ته‌وه‌که‌ماندا گه‌لێک که‌س
دڵسۆزانه له پێناو بوژاندنه‌وه و به‌ره‌وپێشبردنی زمانی و کولتوری کوردی‌دا
تێکۆشاون و ڕه‌نجیان داوه، که‌چی هه‌ندێکیان نه ژیاننامه‌یان دیاره و نه
کورته‌یه‌ک له بیوگرافییان نوسراوه‌ته‌وه. زۆر که‌سی وامان هه‌ن که له‌و
وتار و شیعرانههوه که له گۆڤار و ڕۆژنامه کوردییه‌کاندا بڵاویان
کردوونه‌ته‌وه، بۆمان ده‌رده‌که‌وێت که چه‌ند دڵسۆزی وڵات و
نه‌ته‌وه‌که‌یان بوون، که‌چی ئه‌مڕۆ ئێمه له ناوی خۆیان (یان
نازناوه‌که‌یان) به‌ولاوه هیچی دیکه ده‌رباره‌یان نازانین!
محه‌مه‌دی
میهری یه‌کێکه له‌و ڕوناکبیر و تێکۆشه‌ره کوردانه‌ی که هه‌تاکو چه‌ند ساڵێک
لهمهوپێش بیوگرافی و ژیاننامه‌ی با ناڕۆشنی مابۆوه‌وه و له هه‌ندێک
زانیاریی په‌رشوبڵاو به‌ولاوه شتێکی دیکه ده‌رباره‌ی نه‌نووسرابوو. ئه‌و
کورتهیهش که لێره و له‌وێ سه‌باره‌ت به ژیاننامه‌ی ئه‌و نووسرابوو،
هه‌ڵه و که‌موکوڕیی زۆری بوو. ئیدی من لێبڕاوانه که‌وتمه سۆراخکردنی ژیان و
به‌رهه‌مه‌کانی. سه‌ره‌تا ئه‌وی پێشتر له کتێب و گۆڤار و ڕۆژنامه
کوردییه‌کاندا ده‌رباری نووسرابوو لای خۆم یادداشتم کردن و تاوتوم کردن و
سه‌رجه‌م کورته لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کم لێ به‌رهه‌م هێنا و ساڵی 1989 له ژماره‌ی
(158)ی گۆڤاری«به‌یان»دا بڵاوم کرده‌وه. (1) به ئاواته‌وه بووم که‌سێک زانیاریی
له‌وه زیاتری لابێت و که‌موکوڕییه‌کانی لێکۆڵینه‌وه‌که‌م ده‌ستنیشان بکات و
گۆشه‌یه‌کی دیکه له ژیاننامه و به‌رهه‌مه‌کانی ئه‌و مرۆڤه دڵسۆز و پڕ
خزمه‌ته ڕوون بکاته‌وه. به‌ڵام به‌داخه‌وه، بابه‌تێکی له‌و جۆره‌م
نه‌که‌وته به‌رچاو. پاشتریش هه‌ر به‌هه‌مان مه‌به‌ست و وه‌ک یادکردنه‌وه،
له ڕۆژنامه‌ی«کوردستانی نوێ» و گۆڤاری«سروه»دا کورته‌یه‌کم ده‌رباره‌ی ژیان
و بهرهههکانی محه‌مه‌دی میهری بڵاو کرده‌وه. (2)
ساڵی 1999 په‌ڕیمه ولاتی
سوید و له‌وێ نیشته‌جێ بووم . گه‌لێک له نووسه‌ران و لێکۆڵه‌رانی باکوری
کوردستانم له نزیکه‌وه ناسی. به‌و پێیه‌ی که ئه‌وان زمانی تورکی ده‌زانن و
ئاگادارن که کتێب و سه‌رچاوه تورکییه‌کاندا چی ده‌رباره‌ی نه‌ته‌وه‌که‌مان
نووسراوه ؛ محه‌مه‌دی میهریش به‌شی زۆری ژیانی له ئه‌سته‌مبوڵ به‌سه‌ر
بردووه و هه‌ر له‌وێش کۆچی دوایی کردووه، سه‌باره‌ت به بیۆگرافی و به‌رهه‌م
و وێنه‌ی فۆتۆگرافیی ئه‌و پرسیارم لێکردن، به‌ڵام هیچی ئه‌وتۆم ده‌ستگیر نه‌بوو
یه‌کێک له‌و که‌سانه نووسه‌ر و لێکۆڵه‌ر«ڕۆهات ئالاکۆم» بوو. ئه‌و له‌و
باره‌یه‌وه گوتی:«من پاش گه‌ڕانێکی زۆر چه‌ند وێنه‌ی ده‌گمه‌نم په‌یدا
کردوه، یه‌کێکیان وێنه‌ی محه‌مه‌دی میهرییه و پێشکه‌شتی ده‌که‌م». به
سوپاسێکی زۆره‌وه وێنه‌که‌م لێوه‌رگرت و وا لێره‌دا بۆ جاری دووه‌م له‌گه‌ڵ
ئه‌م لێکۆڵینه‌وه‌یه‌دا بڵاوی ده‌که‌مه‌وه. هه‌روه‌ها مامۆستا«مه‌حمه‌د
له‌وه‌ندی» سه‌رنجمی بۆ ئه‌وه ڕاکێشا که تێکۆشه‌ری نه‌ته‌وه‌که‌مان«مو‌سا
عه‌نته‌ر» له بیره‌وه‌رییه‌کانیدا چه‌ند دێڕێکی ده‌رباره‌ی محه‌مه‌دی میهری
نووسیوه و خۆی ئه‌و په‌ره‌گرافه‌ی بۆ کردمه کوردی.
ئه‌م لێکۆڵینه‌وه‌یه و
ئه‌م زانیارییه که‌م و کورتانه‌ی لێره‌دا سه‌باره‌ت به بیۆگرافی و
به‌رهه‌مه‌کانی محه‌مه‌دی میهری ده‌یخه‌مه به‌رده‌ستی خوێنه‌ران هێشتا له
ئاستی مه‌به‌ست و خواستی مندا نین، ئومێده‌وارم ڕوناکبیران و لێکۆڵه‌رانی
نه‌ته‌وه‌که‌مان درێژه به‌م کارانه بده‌ن و ژیاننامه‌ی محه‌مه‌دی میهری و
سه‌دانی دیکه‌ی وه‌کو ئه‌و ساغ بکه‌نه‌وه و وه‌کوو پێویست بییان
ناسێنن.
محه‌مه‌دی میهری ڕۆژنامه‌نووس، شاعیر، نووسه‌ر، یاساناس و که‌سێکی
نیشتمانپه‌روه‌ر و ڕوناکبیرێکی هه‌ڵکه‌وتووی نه‌ته‌وه‌که‌مان بوو.
ساڵی 1889
له گوندی«دشه»ی نزیک شارۆچکه‌ی «پاوه» له ناوچه‌ی جوانڕۆ ، له ڕۆژهه‌ڵاتی
کوردستان هاتۆته دنیاوه.
محه‌مه‌دی میهری کوڕی مه‌لاعه‌بدوڵلای مفتی، کوڕی
مه‌لا مه‌حمود، کوڕی مه‌لا محه‌مه‌د، کوڕی مه‌لا ئه‌حمه‌دی گه‌وره و نه‌وه‌ی
مزهفهرخانی جوانڕۆیه. (3) دایکیشی کچی سه‌ید شه‌هابه‌دینی
تاڵشییه.
محه‌مه‌دی میهری چه‌ند برا و خوشکی هه‌بووه، له‌وانه «محه‌مه‌د
سدیقی مفتی زاده، (4)، مه‌لا خالیدی مفتی، مه‌لامه‌حمودی مفتی...». (5)
سه‌ره‌تا
لای باوکی ده‌ستی به خوێندن کردوه ئینجا چوه‌ته شاری سنه و له‌وێش لای چه‌ند
مه‌لای ناسراو خوێندوویه‌تی، پاشان چوه‌ته شارۆچکه‌ی بیاره، ئینجا چوه‌ته
سه‌رده‌شت و لای مه‌لاقادر درێژه‌ی به خوێندن داوه. پاشان به‌ره‌و شاری
هه‌ولێر ڕۆیشتووه. له‌وێ لای مامۆستا مه‌لا ئه‌بوبه‌کر (ناسراوبه مه‌لا
گچکه) خوێندوویه‌تی، ئیجازه‌ی مه‌لایه‌تی وه‌رگرتووه و به‌ره‌و «دشه»
گه‌ڕاوه‌ته‌وه.
ماوه‌یه‌ک له شاری سنه بوه‌ته مه‌لا و ده‌رسی به
منداڵانی کورد گوتوه و فێری خوێنده‌واریی کردوون. له‌و سه‌رده‌مه‌دا چه‌ند هۆز
و تیره‌یه‌کی ده‌ور و به‌ری سنه له ناو خۆیاندا به‌شه‌ڕ دێن، ئه‌و به‌بێ
ئه‌وه په‌یوه‌ندی به هیچ کام له لایه‌نه شه‌ڕکه‌ره‌کانه‌وه هه‌بووبێت،
له‌و شه‌ڕه‌دا تێوه گلاوه و بریندار کراوه. کاتێک چاک بۆته‌وه بڕیار ده‌دا
ئه‌و ناوچه‌یه جێ بهێڵێت و به‌ره‌و باکووری کوردستان ڕۆیشتووه. ماوه‌یه‌ک له
شاری قارس بووه، پاشان چوه‌ته شاری ئه‌رزه‌ڕوم ، دوایی به‌ره‌و ئه‌سته‌مبوڵ
ڕۆیشتووه و له‌وێ نیشته‌جێ بووه. د. محه‌مه‌د سه‌دیقی برای له‌و باره‌یه‌وه
نووسیویه: «... پێش شه‌ڕی جیهانیی یه‌که‌م، شه‌هیدی نه‌مر شێخ عه‌بدولقادر
گه‌یلانی زاده له شاری ڕه‌واندزه‌وه له‌گه‌ڵ خۆی بردبووی بۆ شاری
ئه‌سته‌مبوڵ...». (6)
ئه‌وده‌مه شاری ئه‌سته‌مبوڵ ببووه مه‌کۆی لاوه
ئازادیخواز و تێکۆشه‌ره‌کانی کورد و ژماره‌یه‌کی زۆر له ڕووناکبیرانی کورد له‌و
شاره‌دا به‌کاری ڕۆژنامه‌نووسی و چالاکی ڕێکخراوه‌ییه‌وه خه‌ریک بوون. میهری
تێکه‌ڵی ئه‌وانه بووه، له ئه‌زموون و شاره‌زاییان که‌ڵکی وه‌رگرتووه و
له‌گه‌ڵیاندا که‌وتۆته چالاکی.
محه‌مه‌دی میهری له نێو ئه‌و لاوه
ڕووناکبیر و هوشیارانه‌دا زوو جێی خۆی کردۆته‌وه و وه‌ک لاوێکی وریا و دڵسۆز ناوی
ده‌رکردووه . له نزیکه‌وه ڕووناک‌بیری ناسراوی کورد«ئیسماعیل حه‌قی بابان»،
که ئه‌و ده‌مه وه‌زیری مه‌عاریف بووه، ناسیوه. (7) به پشتگیریی ئه‌و له
کۆلێژی(حقوق) وه‌رگیراوه و پاش چه‌ند ساڵ خوێندن بڕوانامه‌ی دیپلۆمی له یاسا
ناسیدا وه‌رگرتووه و بوه‌ته پارێزه‌ر(یاساناس).
ساڵی 1912 خوێندکار و لاوانی
کورد له ئه‌سته‌مبوڵ«جڤاتا هێڤی فه‌قێی کوردان ـ کرد طلبه هیوی جمعیتی»
داده‌مه‌زرێنن، محه‌مه‌دی میهری به گه‌رمی هاوکارییان ده‌کات و چالاکانه له
گه‌ڵیاندا تێده‌کۆشێت و له هه‌ر دوو گۆڤاره‌که‌ی ئه‌و کۆمه‌ڵه‌یه،
گۆڤاری«ڕۆژی کورد» و «هه‌تاوی کورد»دا، گه‌لێک وتار و بابه‌تی به‌نرخ ده‌نووسێت.
پاشتریش یه‌کێک بووه له ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ری «کوردستان تعالی
جمعیتی ـ کۆمه‌ڵه‌ی پێشخستنی کوردستان»، که له 17ـ12ـ1918 دا له ئه‌سته‌مبوڵ
له‌لایه‌ن کۆمه‌ڵێک له ڕووناکبیر و تێکۆشه‌ری کورده‌وه دامه‌زرێنراوه.
هه‌ر ئه‌و ده‌سته ڕووناکبیره ساڵی 1918 و 1919 ڕه‌زامه‌ندیی ده‌رکردنی دوو گۆڤار
وه‌رده‌گرن، سه‌ره‌تا گۆڤاری «ژین»(8) و پاشانیش گۆڤاری «کوردستان»(9)
ده‌رده‌که‌ن. میهمهدی میهری ده‌کرێته «خاوه‌ن ئیمتیاز و به‌ڕێوه‌به‌ر»ی
گۆڤاری کوردستان و به گه‌رمی هاوکاریی «ژین»یش ده‌کات. له‌و دوو گۆڤاره‌دا
گه‌لێک وتار و هۆنراوه و بابه‌تی سیاسی، ئه‌ده‌بی، کۆمه‌ڵایه‌تی و زمانه‌وانی
به کوردی ، تورکی، عه‌ره‌بی بڵاو ده‌کاته‌وه. نووسین و بهرههمهکانییشی
به‌ناوی«میهری»، «کاکه‌حه‌مه»، «عرفان». «م.م» و «داوه‌ر ئه‌رده‌لانی»،
«زه‌هاوی زادهـ ا.م» و چه‌ند ناوی خواستراوی دیکه‌وه بلاو ده‌کاته‌وه.
(10)
ساڵی 1920 میهری ژیانی خێزانی ده‌ست پێ ده‌کات و له‌گه‌ڵ «شازییهخانم» دا که
ژنێکی قه‌فقاسی بووه، ده‌بنه هاوسه‌ری یه‌کتر. دواتر سێ کچ و دوو کوڕیان بووه.
(11)
مامۆستا نه‌جمه‌دین مه‌لا له‌وتارێکدا وه‌سفی دڵسۆزی و نیشتمانپه‌روه‌ریی
محه‌مه‌دی میهری کردووه و نووسیویه‌تی:« هه‌میشه بیر وهۆشی له‌لای نیشتمان و
نه‌ته‌وه‌که‌ی بووه. ئاواتی سه‌ربه‌رزی و ئازادی کوردستان بووه. زۆر به
ئاواته‌وه بووه هه‌لی بۆ هه‌ڵکه‌وێ و به ئازادی بگه‌ڕێته‌وه کوردستان و
له نێو نه‌ته‌وه‌که‌یدا بژی». (12)
هاوینی ساڵی 1959 له شاری ئه‌سته‌مبوڵ دڵی
مامۆستا محه‌مه‌دی میهری له لێدان ده‌که‌وێت و له یه‌کێک له گۆڕستانه‌کانی
ئه‌وێ به خاک ده‌سپێردرێت.
به‌رهه‌مه‌کانی محه‌مه‌دی میهری :
محه‌مه‌دی
میهری له‌پاش خۆی گه‌لێک شیعر و وتار و لێکۆڵینه‌وه‌ی زمانه‌وانیی بۆ به‌جێ
هێشتووین که له‌کاتی خۆیدا له گۆڤار و ڕۆژنامه کوردییه‌کاندا بڵاوی
کردوونه‌ته‌وه. به‌ڵام ئه‌و زیاتر له هه‌ر بوارێک ده‌رباره‌ی زمانی کوردی و
دیالێکته‌کانی و هه‌وڵدان بۆ سازکردنی زمانی ستانداردی کوردیی نووسیوه. به‌و
پێیه‌ی که خۆی له گوندێکی ناوچه‌ی هه‌ورامان له دایکبووه و له‌وێ گه‌وره
بووه، هه‌ر له منداڵییه‌وه به دیالێکتی هه‌ورامی په‌یڤیوه. پاشان بۆ
درێژه‌دان به خوێندن گه‌لێک شار و دێهات و ناوچه‌ی کوردستان گه‌ڕاوه و فێری
چه‌ند دیالێکت و شێوه زمانی دیکه‌ی کوردی بووه. کاتێکیش په‌ڕیوه‌ته‌وه
ئه‌سته‌مبوڵ و له‌وێ نیشته‌جێ بووه، به‌رده‌وام په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ کۆڕ و
کۆمه‌ڵه ڕۆشنبیری و سیاسییه‌کانی کورده‌کانی ئه‌وێ هه‌بوه و به‌شداریی
چالاکییه‌کانی کردوون. به‌شی زۆری ئه‌و ڕووناکبیر و تێکۆشه‌رانه خه‌ڵکی
شاره‌کانی باکووری کوردستان(وه‌ک دیاربه‌کر، ماردین، وان، سیرت، ملاتییه...) بوون
و به دیالێکتی جۆراوجۆری کوردیی په‌یڤیون. ئیدی له‌وانیشه‌وه، تا ڕاده‌یه‌ک
شاره‌زای دیالێکته‌کانی کرمانجی ژوروو، زازاکی، دملی... بووه. دیاره خۆیشی
ئاره‌زووی لێکۆڵینه‌وه‌ی زمانه‌وانیی هه‌بووه، یان ده‌رکی به‌بوونی بۆشایی
له‌و بواره‌دا کردووه و به پێویستی زانیوه که ده‌رباره‌ی دیالێکته‌کانی
زمانی کوردی و به‌رنامه‌دانان بۆ سازکردنی زمانی ستانداردی کوردی بنووسێت.
دوکتور
ئه‌وڕه‌حمانی حاجی مارف له کتێبی«ڕابه‌ری سه‌رچاوه له باره‌ی زمانی
کوردییه‌وه» له دوو توێی چه‌ند لاپه‌ڕه‌دا ئاماژه بۆ ناوه‌رۆکی وتار و
لێکۆڵینه‌وه‌کانی محه‌مه‌دی میهری کردووه و پوخته‌ی بیر و ڕا و سه‌رنجه‌کانی
ئه‌وی خستۆته به‌رچاو. له‌باره‌ی زنجیره وتاره‌که‌ی محه‌مه‌دی میهری که
له گۆڤاری«هه‌تاو»ی هه‌ولێر له ژماره(47 هه‌تاکوو ژماره74) له سالانی
1955ـ1956دا بڵاوی کردوه‌ته‌وه، دوکتۆر ئه‌وڕه‌حمان نووسیویه‌تی:«له ژماره
(54)ه‌وه تا ژماره(70) ناوی وتار بووه به«زمانی ئێمه یه‌ک جۆره شێوه‌کانی
زۆره». له ژماره (60)ه‌وه تا ژماره(68)له سه‌روو ناونیشانی
وتاره‌که‌وه(یه‌کێتی زمانی کوردی)یش نووسراوه. له ژماره(71)ه‌وه تا
ژماره(74)ی گۆڤاری«هه‌تاو» (جگه له ژماره 49 تا 53)دا بڵاو کراوه‌ته‌وه.
مامۆستا محهمهدمیهری له ئه‌سته‌مووڵه‌وه ناردوێتی. نووسه‌ر له‌م زنجیره
وتاره‌دا به شێوه‌یه‌کی دوور و درێژ له باره‌ی دیالێکته‌کان و به‌شه
دیالێکته‌کانی کوردی یه‌وه دواوه و شێوه‌ی ئاخاوتنی دیاری کردووه. سه‌باره‌ت
به ڕێزمانی کوردی و وێکچوون و جیاوازیی نێوان دیالێکته‌کانی کوردی
کۆڵیوه‌ته‌وه. وه‌ڵامی بیروڕای ناڕاست و هه‌ڵه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتناسانی
داوه‌ته‌وه. باسی نه‌ژاد و ئه‌سڵی کودی کردووه». (13)
دوکتۆر ئه‌وڕه‌حمانی
حاجی مارف له‌هه‌مان کتێب‌دا ده‌رباره‌ی ئه‌و زنجیره وتاره‌ی محه‌مه‌دی میهری
نووسیوه که له گۆڤاری«کوردستان»ی ئه‌سته‌مبوڵ سالانی 1919ـ1920 به‌ناوی
خواستراوی «م.م»ه‌وه بڵاوی کردوه‌ته‌وه. له‌و ڕوه‌وه نووسیویه‌تی :«ئه‌مه
زنجیره وتارێکی محه‌مه‌دی میهری یه به‌ناو«اساس»ه‌وه له
ژماره(19،18،16،15،10،4،2)یگۆڤاری «کوردستان»ی ئه‌سته‌مووڵدا، ساڵی 1919ـ1920 بڵاوی
کردۆته‌وه و باسی ڕێزمانی کوردییه. له ژماره (2)دا هه‌ندێ ڕای گشتی له‌باره‌ی
ڕێزمانی کوردییه‌وه خستۆته پێش چاو و ئینجا ده‌ڵێ: هه‌وڵی لێکۆڵینه‌وه‌ی
ڕێزمانی کوردی ده‌کرێ به دوو به‌شه‌وه ـ ڕۆژهه‌ڵاتی و ڕۆژئاوایی... ڕۆژئاوایی
زووتر ده‌ستی پێکراوه. له ژماره(4)دا وا ڕاده‌گه‌یه‌نێ، که ئه‌وه‌ی
ده‌رباره‌ی ڕێزمانی کوردی له ڕۆژهه‌ڵات نووسراوه زۆربه‌ی چاپ نه‌کراوه.
ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن(حاجی فخرالممالیکی ئه‌رده‌لانی ناظری مالیه‌ی ئێران)ه‌وه
نووسراوه، چاپ کراوه. ئه‌م کتێبه که (30) ساڵێک له‌مه‌وبه‌ر چاپ کراوه من تا
ئێستا نه‌مبینیوه... له کۆتایی ئه‌م به‌شه‌دا دێته سه‌ر باسی کتێبه‌که‌ی خۆی
و ده‌ڵێ: من که باسی شێوه‌کانی کوردی ده‌که‌م و نموونه‌یان لێ ده‌هێنمه‌وه
مه‌به‌ستم یه‌ک خستنیانه. له ژماره(10)دا باسی چۆنیه‌تی دانانی کتێبه‌که‌ی
ده‌کا و ده‌ڵێ: هه‌رچه‌نده پێویست بوو کارێکی وا له لایه‌ن لیژنه‌یه‌که‌وه
بکرێ، ئه‌گه‌رچی ئه‌مه بۆ کورد هه‌ڵنه‌که‌وتووه، به‌ڵام منیش درێغم
نه‌کردووه... پاشانیش باسی گیر و گرفتی نووسینی کتێبه‌که‌ی ده‌کا و به‌تایبه‌تی
ئه‌وه‌ی که نه‌یزانیوه کام شێوه بکا به بناغه. له ژماره(15)و (16)دا باسی
چاوگی کوردی کردووه و به‌سه‌ر چه‌ند جۆرێکدا دابه‌شی کردوون. ئه‌وه‌ی له
ژماره(18)دایه ده‌رباره‌ی کرداره‌کانی ئێستا و کرداری فهرمانهوهیه».
(14)
دوکتۆر ئه‌وڕه‌حمانی حاجی مارف له هه‌مان کتێب دا ده‌رباره‌ی ئه‌و زنجیره
وتاره‌شی نووسیوه که محه‌مه‌دی میهری به‌ناوی خواستراوی «عرفان»ه‌وه له
ڕۆژنامه‌ی«کوردستان»ی ئه‌سته‌مبوڵ دا، ساڵی1919 ـ1920 بڵاوی کردوه‌ته‌وه و
ده‌رباره‌ی نووسیویه‌تی:«ئه‌مه‌ش دیسان زنجیره وتارێکی محه‌مه‌دی میهری یه
به ناوی«عیرفان»ه‌وه له ژماره (1.2.4،10،15،16،18،19)ی گۆڤاری«کوردستان»ی
ئه‌سته‌مووڵدا،که ڕێکه‌وتی ساڵانی1919ـ1920 ده‌کات بڵاوی کردۆته‌و. له به‌شی
ژماره(1)دا له‌وه دواوه، که ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن زانایانی ڕۆژهه‌ڵات و
ڕۆژئاواوه له‌باره‌ی زمانی کوردییه‌وه نووسراوه بۆ مه‌به‌ستی سیاسی بووه.
له نێو ئه‌و کارانه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتدا باسی به‌رهه‌مه‌که‌ی یووسف ضێا پاشای خالدی
کردووه و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی به کارێکی باشی داناوه، ڕه‌خنه‌ی توند و تێژیشی لێ
گرتووه. له‌به‌شی ژماره(2)دا ڕه‌خنه له یووسف ضیاپاشا ده‌گرێ و ده‌ڵێ: ئه‌و
عه‌ره‌به و ویستوویه‌تی کورد بکا به عه‌ره‌ب... نووسه‌ر لێره‌دا چه‌ند
نموونه و به‌ڵگه‌یه‌کی مێژوویی دێنێته‌وه بۆ نیشاندانی ئه‌وه‌ی که کورد
میلله‌تێکی ڕه‌سه‌نه و نه عه‌ره‌به و نه فارسه. له ژماره(4) دا وا
ڕاده‌گه‌یه‌نێ که یووسف ضیائهددین هه‌موو شێوه‌کانی کوردی نه‌زانیوه و
بۆیه نه‌یتوانیوه بچێته نێو زمانی کوردییه‌وه. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خۆی
عه‌ره‌به و کورد نییه توانای ئه‌وه‌ی نه‌بووه قووڵ ببێته‌وه. هه‌روه‌ها
ده‌ڵێ : ئه‌گه‌ر له زمانی کوردی‌دا وشه‌ی تورکی و عه‌ره‌بی و... هه‌بێ
واناگه‌یه‌نێ که ئه‌م زمانه ڕه‌سه‌ن نییه، چونکه هه‌موو زمانێکی سه‌ر
ئه‌م زه‌مینه هه‌ر به‌و چه‌شنه‌یه. له ژماره(10)دا باسی کتێبێکی
چاپکراوی(خه‌لیل خه‌یاڵی) ده‌کات و ده‌ڵێ : ئه‌میش هه‌ڵه‌ی ئه‌وه‌یه که هه‌ر
ده‌رباره‌ی شێوه‌ی ژووروو و وێڕای ئه‌وه‌ش کتێبه‌که‌ی یووسف ضیائهددینی
کردووه به سه‌رچاوی سه‌ره‌کیی خۆی... نووسه‌ر پاشان دێته سه‌ر کتێبه‌که‌ی
خۆی و ده‌ڵێ: هه‌رچه‌ند به‌شێکی زۆریم له‌وه‌ی(خه‌لیل خه‌یاڵی)یه‌وه
وه‌رگرتووه، به‌ڵام زاده‌ی بیری خۆمم به‌کار هێناوه و به زمانی کوردی‌دا
گه‌ڕاوم. ئه‌گه‌رچی له شێوه‌ی جیاجیاوه وشه‌م کۆ کردۆته‌وه، به‌ڵام
ئه‌وه‌ی منیش هێشتا له سه‌دا ده‌ی زمانی کوردی نییه. له ژماره (15)شدا باسی
هه‌ندێ کێشه‌ی ڕێنووسی کوردی کراوه. له ژماره(16)و (18) و (19)یشدا کۆمه‌ڵێ وشه‌ی
کوردی و عه‌ره‌بی هێنراوه‌ته‌وه و له‌گه‌ڵ یه‌کتر به‌راورد کراون». ( 15)
جگه
له‌و وتاره و به‌رهه‌مانه‌ی که له گۆڤار و ڕۆژنامه‌کاندا بڵاوی
کردوونه‌ته‌وه، چه‌ند کتێبێکیشی چاپکراوه و بڵاو کراونه‌ته‌وه، ئێمه
زانیاریمان ته‌نها ده‌رباره‌ی ئه‌و دوانه‌یان هه‌یه:
1 ـ مقدمهالعرفان، ساڵی
1919 له ئه‌سته‌مبوڵ چاپ کراوه. ئه‌م کتێبه ده‌رباره‌ی ده‌ستوور و ڕێزمانی
کوردییه. (16)
2 ـ فه‌رهه‌نگی (کوردی ـ تورکی ـ عه‌ره‌بی ـ فارسی ـ فه‌ره‌نسی)،
له ئه‌سته‌مبوڵ ساڵی 1919 چاپ کراوه. (17)
له مانگی نۆڤێمبه‌ری 1952دا مامۆستا
گۆران ده‌بێته به‌رپرسی ڕۆژنامه‌ی «ژین». نزیکه‌ی دووساڵ له‌گه‌ڵ ئه‌و
ڕۆژنامه‌یه خه‌ریک ده‌بێت و ده‌یبووژێنێته‌وه و هه‌وڵ ده‌دات نووسه‌ران و
شاعیرانی ده‌ره‌وه و ناوه‌وه‌ی وڵات له ده‌وری کۆبکاته‌وه. محه‌مه‌دی
میهریش ، له ئه‌سته‌مبوڵه‌وه ناو به ناو شیعر و وتار بۆ ڕۆژنامه‌که
ده‌نێرێت. ڕه‌نگه له گۆڤار و ڕۆژنامه کوردییه‌کانی شام (وه‌ک : ڕۆناهی، هاوار،
ڕۆژانو، ستێر) و ئه‌وانه‌ی عێراق ( وه‌ک: گه‌لاوێژ ، زاری کرمانجی، ڕووناکی...)یشدا
شیعر و وتاری به‌ناوی خۆی یان ناوێکی خواستراوه‌وه بڵاو کردبێته‌وه !
به‌پێی
هه‌ندێک زانیاریی شیعر و به‌رهه‌می دیکه‌شی هه‌بوون و به ده‌ستنووسی
ماونه‌ته‌وه. ئومێده‌وارین نه‌فه‌وتابن و له ده‌رفه‌تێکدا ده‌ست بخرێن و
بڵاو بکرێنه‌وه. له‌وانه‌شه بیره‌وه‌رییه‌کانی خۆی نووسێبێتهوه و
له‌گه‌ڵ ده‌ستنووسه‌کانی دیکه‌یدا که‌وتبنه لای کوڕ و کچه‌کانی. ئه‌گه‌ر
که‌سێک سۆراخی ده‌ستنووسه‌کانی بکات، گومانی نییه شتی به‌نرخی ده‌سگیر ده‌بێت.
(18)
مامۆستا گیوموکریانی له ژماره(75)ی گۆڤاری هه‌تاودا نووسیویه‌تی: «زانای
به‌رز و ئاشنا و پسپۆڕی مه‌زن مامۆستا محه‌مه‌دی میهری که له
ئه‌سته‌مبوڵه‌وه ده‌ستی یارمه‌تی بۆ هه‌تاو درێژ کردبوو و به شیرین ترین
شێوه و ڕاوێژ که‌لێنی(یه‌کێتی زمانی کوردی) له هه‌تاوی ژماره (47)ه‌وه تا
(74)پڕکردبوه‌وه، داخی گرانم ڕۆژگاری چه‌پگه‌ڕ ئه‌ویشی پێ ڕه‌وا نه‌دیتین و
به‌هۆی پیرێتی و نه‌خۆشی پێنووسی له ده‌ست ده‌رهێنا و مه‌یدانی نه‌دا که
خزمه‌تی زمانی کوردییه‌که‌ی بگه‌یه‌نێته سه‌ر». (19)
مامۆستا موساعه‌نته‌ر
له بیره‌وه‌رییه‌کانیدا زۆر تاریفی لێهاتوویی و دڵسۆزیی میهری کردووه و
ئه‌وه‌ی دووپات کردۆته‌وه که چه‌ند زمانی زانیوه و شاره‌زای دیالێکته
جۆراوجۆره‌کانی کوردی بووه. پاشان نووسیویه‌تی : له 1948دا ده‌ستمان به
ده‌رکردنی هه‌فته‌نامه‌ی «دیجلهکایناگی»(چاڤکانیا دیجله ـ چاوگی دیجله ـ
سه‌رچاوه‌ی دیجله) کرد. (20) محه‌مه‌دی میهری حه‌وت وتاری به تورکی بۆ ناردین و
له‌و هه‌فته‌نامه‌یه‌دا بلاومان کرده‌وه. (21)
ساڵی 1952 مامۆستا علاالدین
سجادی کتێبی«مێژووی ئه‌ده‌بی کوردی» بڵاو ده‌کاته‌وه. کاتێک میهری ئه‌و
کتێبه‌ی ده‌ست ده‌که‌وێت و ده‌یخوێنێته‌وه، به‌لایه‌وه زۆر به‌نرخ ده‌بێت
و نامه‌یه‌کی جوان بۆ مامۆستا سجادی ده‌نووسێ و ده‌ستخۆشی لێده‌کات و کتێبه‌که‌ی
به‌رز ده‌نرخێنێ. له کۆتایی نامه‌که‌یدا به‌م جۆره ناوی خۆی نووسیوه:« له
محامی و مدهریسانی ئه‌ستامبوڵ: محه‌مه‌دی میهری کوڕی مه‌رحوم مه‌لاعه‌بدوڵلای
دشه‌یی 1ـ9ـ1954». (22)
نموونه‌ی چه‌ند شیعرێکی محه‌مه‌دی میهری :
محه‌مه‌دی
میهری زۆربه‌ی دیالێکته کوردییه‌کانی زانیوه و له وتار و هۆنراوه‌کانیدا
وشه و ده‌سته‌واژه‌ی شێوه زمانه جۆراوجۆره‌کانی کوردی به‌کار هێناوه. تا
ئێستا شیعره‌کانی له دیوانێکی تایبه‌تدا کۆ نه‌کراونه‌ته‌وه و به په‌رش و
بڵاوی ماونه‌ته‌وه. ئێمه لێره‌دا ئاماژه بۆ چه‌ند شیعرێکی ده‌که‌ین .
له
25ی کانونی یه‌که‌می 1913 دا ڕوناکبیری کورد ئیسماعیل حه‌قی بابان له‌کاتی وانه
وتنه‌وه دا دڵی له لێدان ده‌که‌وێت و کۆچی دوایی ده‌کات. میهری به‌و کۆچه
له‌ناکاوه زۆر غه‌مبار ده‌بێت و هه‌ستی دڵی خۆی له شیعرێکدا ده‌ده‌بڕێت که
له سه‌ره‌تاکه‌یدا ده‌ڵێت :
زمانی پیره‌مێرد ئێمڕۆ خه‌زێنه‌ی ئێش و
گریانه
شه‌و و ڕۆژ ئاهی نالی ڕه‌عده، ئه‌شکی چاوی بارانه
هه‌ناسه‌ی ساردی
(تهثیری) له خاک تاکوو (تهثیری)ێ چو
میزاجی ئیعتیدال فه‌وتا، ویسالی تۆفی
زستانه
له ته‌م سه‌رپۆشی غه‌م پۆشی سه‌راپا قامه‌تی کێوان
دڵی تۆران دڵی
سه‌ردی له‌به‌ین کێوانی که‌یوانه
به ڕه‌سمی ته‌عزیه هه‌ر نه‌ونه‌مامه
به‌فری کورد جامه
به‌ڵێ لهبسی سپی پۆشین ڕسومی کۆنی ده‌ورانه
پاشان ده‌ڵێت
:
خودایه ڕۆژی حه‌شره وا جیهان یه‌کسه‌ر سه‌روبن بو
وه‌یا خود وه‌لوه‌له‌ی
فه‌وتی مه‌داری فه‌خری کوردانه
جه‌وانی نه‌وجه‌وان حه‌قی به‌گ، به‌گزاده‌ی
کوردان
ڕه‌ئیسی ئه‌هلی عیرفان، دوڕی یه‌کتای ماڵی بابابه
له‌به‌ر کۆچکردنی
دوڕدانه ئێمڕۆ، ڕۆژی ده‌ردانه
مهسیلی ئه‌شکی خوێن دامانه، دامان کاری
مه‌ردانه (23)
میهری له هۆنراوه‌یه‌کی دیکه‌یدا به‌یادی ئه‌و ڕۆژانه‌وه
که له سه‌رده‌شت فه‌قێ بووه، ده‌ڵێت :
ئه‌رزی به‌رزی مه‌رزی سه‌رده‌شت
به‌هه‌شتی ڕوی زه‌وین
کاخ و کۆخی شه‌نگ و شۆخی ڕێی فریشته و جێی
په‌رین
ئاستانی ئاسمانی پڕ له ئهستونهی زه‌ڕه
کێو و ده‌شتی گشتی زه‌رد و
سوور و که‌سک و شین (24)
په‌راوێزه‌کان :
ـــــــــــــــــ
(1) جوتیار حاجی
تۆفیق، محه‌مه‌د میهری هێژا و نه‌مر، گۆڤاری «به‌یان» ژماره 158، ئابی 1989،
ل27ـ29.
(2) جوتیار تۆفیق، ڕۆژنامه‌نووس و تێکۆشه‌ر محه‌مه‌د میهری، ڕۆژنامه‌ی
کوردستانی نوێ، ژماره1575، پێنج شه‌ممه12ـ3ـ1998، ل10 و ل 11 .
* جوتیار «جوتیار حاجی
تۆفیق» شاعیر و ڕۆژنامه‌نووس محه‌مه‌دی میهری، گۆڤاری «سروه»، ژماره 188،
ڕه‌شه‌مه 1380، ل 103ـ196.
(3) مه‌لاعه‌بدوڵڵا مفتی(1854ـ سێ شه‌ممه 5ـ12ـ1923) ـ باوکی
محه‌مه‌دی میهری ـ شاعیرێکی به‌ناوبانگ و نیشتمانپه‌روه‌ر، مامۆستاێهکی دڵسۆز
بووه و گه‌لێک منداڵ و کاوی کوردی فێری خوێنده‌واریی کردووه و په‌روه‌رده‌ی
کردوون.
ده‌رباره‌ی بڕوانه :
1 ـ بابا مردوخ روحانی، تاریخ مشاهیر کرد، جلد دوم،
تهران، 1366.
ص 161ـ163.
2 ـ صدیق بۆره‌که‌یی، مێژووی وێژه‌ی کوردی، به‌رگی دووه‌م،
1991، ل 231ـ241.
3 ـ زانایانی به‌ناوبانگی کورد محه‌مه‌د سه‌دیقی مفتی زاده، گۆڤاری
سروه، پاییزی1365، ساڵی دووه‌م، ژماره 7، ل 26ـ27.
(4) دوکتۆر محه‌مه‌د سدیقی مفتی
زاده ساڵی 1912 له گوندی دشه له‌دایک بووه. لێکۆڵه‌ر و ڕۆژنامه‌نووس ،
شاره‌زای زمان و مێژوو و ئه‌ده‌بی کوردی و سه‌رده‌مێک له زانکۆی تاران مامۆستای
زمان و ئه‌ده‌بی کوردی بووه. خاوه‌نی چه‌ندین لێکۆڵینه‌وه‌ی ئه‌ده‌بییه.
سه‌رنووسه‌ر و به‌ڕێوه‌به‌ری ڕۆژنامه‌ی«کوردستان)ی تاران بوو، که له 29ـ4ـ1959دا
ده‌ستی به بڵاوبوونه‌وه کرد و هه‌تاکوو 5ـ7ـ1962 به‌رده‌وام بوو. ڕۆژی دوو
شه‌ممه 27ـ11ـ1984 له تاران کۆچی دوایی ده‌کات. ڕۆژی دواتر له گۆڕستانی
«وهیسولقهرهنی»ی شاری کرماشان ده‌نێژرێت.
د. محه‌مه‌د سدیقی مفتی زاده له
وتارێکدا باسی په‌یوه‌ندیی خۆی و محه‌مه‌دی میهری برای کردووه و نوسیویه‌تی:«...
له سه‌ره‌تای ده‌ست پێکردنی شه‌ڕی جیهانی دووهه‌مدا که سێاسه‌تی
فه‌رمانڕه‌وایی تورکیا گۆڕا و نامه نووسینی کورده‌کانی ئه‌وێ بۆ وڵاتانی
ده‌ره‌وه ئازاد کرا، کاکم«محه‌مه‌د میهری به‌گ»... بۆ یه‌که‌م جار به کوردی
نامه‌ی بۆ نووسیم و له نامه‌که‌یا زۆر هه‌ڵی نابووم که له خزمه‌ت کردن به
زمان و ئه‌ده‌بی کوردی له هه‌ر هه‌ل و مه‌رجێکدا کۆتایی نه‌که‌م». (گۆڤاری
سروه، ژ7 ، ل 27). یه‌کێک له به‌رهه‌مه چاپکراوه‌کانی د.محه‌مه‌د سه‌دیقی مفتی
زاده کتێبێکه به‌ناوی «درس زبان کردی»که له دوو به‌رگدا چاپکراوه.
(ده‌رباره‌ی ئه‌و کتێبه بڕوانه: دوکتۆر ئه‌وڕه‌حمانی حاجی مارف، ڕابه‌ری
سه‌رچاوه له باره‌ی زمانی کوردییه‌وه، به‌غدا ، ده‌زگای ڕۆشنبیری و
بڵاوکردنه‌وه‌ی کوردی، 1989، ل225).
ده‌رباره‌ی ژیان و به‌رهه‌مه‌کانی دوکتۆر
محه‌مه‌د سدیقی مفتی زاده بڕوانه:
1 ـ بابا مردوخ روحانی، تاریخ مشاهیر کرد، جلد
دوم، تهران، 1366، ص475ـ478.
2 ـ زانایانی به‌ناوبانگی کورد محه‌مه‌د سه‌دیقی مفتی
زاده، گۆڤاری سروه، ساڵی دوه‌م، ژ 7، پاییزی 1365، ل 26ـ28.
3 ـ صدیق بۆره‌که‌یی،
مێژووی وێژه‌ی کوردی، به‌رگی دووه‌م، ل351ـ357.
(5) ده‌رباره‌ی کوڕه‌کانی مه‌لا
عه‌بدوللای مفتی زاده بڕوانه :
1 ـ تاریخ مشاهیر کرد، جلد دوم، ص475ـ478.
2 ـ گۆڤاری
سروه، ژ7، ل26.
(6) گۆڤاری سروه،ژ7 ، ل27.
(7) ئیسماعیل حه‌قی باباب(1876ـ25ـ12ـ1913) کوڕی
مسته‌فا زهنی پاشای بابان(1848ـ1929) بوو. یه‌کێک له دیارترین سه‌رکرده‌کانی
کۆمه‌ڵه‌ی ئیتیحاد و ته‌ره‌قی، سیاسه‌تمه‌دار و نووسه‌رێکی ناسراو، شاره‌زای
زانستی جیۆپۆله‌تیک و مامۆستای زانکۆی ئه‌سته‌مبوڵ بوو. له کابینه‌ی حه‌قی
پاشا(1910ـ1911)دا وه‌زیری مه‌عاریف بووه. له ڕۆژنامه‌ی «طنین»ـ ئۆرگانی کۆمه‌ڵه‌ی
ئیتیحاد و ته‌ره‌قی ـ دا گه‌لێک وتاری سیاسی بڵاو کردۆته‌وه. به‌شێوه‌ی نهێنی
ڕۆڵی له دامه‌زراندن و ڕێنوێنی کردنی «جڤاتا هێڤیی فه‌قێی کوردان ـ کرد طلبه
هیوی جمعیتی»دا هه‌بووه. لاوانی کوردی هانداوه بۆ خوێندن و خۆ پێگه‌یاندن و
کۆمه‌کی کردوون. هه‌روه‌ها له ژماره‌ی 2و3ی گۆڤاری ڕۆژی کورد(ئه‌سته‌مبوڵ، 1913)دا
دوو وتاری به‌نرخی بڵاو کردۆته‌وه.
ده‌رباره‌ی بڕوانه :
1 ـ محمدامین زکی،
تاریخ السلیمانیه، نقله الی اللغه العربیه: الملاجمیل احمد الروزبیانی،
بغداد،1951، ص243.
2ـ جریدهالطریق، العدد9، 27ـ12ـ1953.
3- Murat culcu, Irak Mektuplari: Beyruttan Kuveryte;
Ismail Hakki Babanzade, Istanbul, 2002,178,s.
(8) ژین: گۆڤارێکی ڕۆشنبیریی گشتی بووه، یه‌که‌م
ژمره‌ی له 17ـ11ـ1918 ده‌رکراوه. ژماره 25ی له 2ـ10ـ1919دا ده‌رکراوه. هه‌مزه
موکسی و مه‌مدوح سه‌لیم و چه‌ند ڕوناکبیرێکی دیکه‌ی کورد له ئه‌سته‌مبوڵ
ده‌ریان کردووه. وادیاره دواتر له شێوه‌ی ڕۆژنامه‌دا ده‌رکراوه. مامۆستا
محه‌مه‌د ئه‌مین بوزئه‌رسه‌لان ساڵی 1985ـ1986 له یه‌که‌مین ژماره‌وه هه‌تاکو
(25)هه‌مین ژماره‌ی له سێ به‌رگدا، له‌گه‌ڵ لێکۆڵینه‌وه‌یه‌ک دا چاپی
کردووه.
(9) کوردستان : گۆڤارێکی هه‌فتانه‌ی ڕۆشنبیریی و سیاسی بووه. له
ئه‌سته‌مبوڵ به زمانی کوردی و تورکی ده‌رکراوه. جارجار به زمانی عه‌ره‌بی و
فارسی وتار و بابه‌تی تیادا بڵاوکراوه‌ته‌وه. یه‌که‌م ژماره‌ی له 31ـ1ـ1919 دا
ده‌رکراوه. «سه‌رنووسه‌ری: محه‌مه‌د شه‌فیق ئه‌رواسی زاده»، «خاوه‌ن
ئیمتیاز و به‌ڕێوه‌به‌ری :محه‌مه‌د میهری» بووه. له ژماره‌کانی دواییدا سه‌ید
حوسێن بووه به بهرپرسێاری . له چاپخانه‌ی نجم استقبال له ئه‌سته‌مبوڵ
چاپکراوه. پێوانه‌ی (27×19سم)ه. نووسه‌ره‌کانی ئه‌مانه بوون:« محهمهدمیهری،
محه‌مه‌د شه‌فیق، ئه‌حمه‌د عارف، عه‌بدولواحید به‌رزه‌نجی زاده، ئه‌حمه‌د
وه‌هبی، سالح به‌درخان، که‌مال فه‌وزی خێزانی زاده، مسته‌فا شه‌وقی...» ژماره
19ی له 27ـ3ـ1920دا ده‌رکراوه.{بۆ زانیاریی زیاتر ده‌رباره‌ی ئه‌م دوو گۆڤاره
بڕوانه : له کوردستانا باکور و له تورکیه ڕۆژنامه‌گه‌رییا کوردی 1908ـ1981،
مالمیسانژ و مه‌حمود له‌وه‌ندی، وه‌شانێن ژینانو ـ ئادار 1989، ل 65ـ 75 و ل 76ـ80.
هه‌روه‌ها مامۆستا فه‌رهاد پیرباڵ لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی ده‌رباره‌ی گۆڤاری
کوردستان نووسیوه و له گۆڤاری هێڤی ـ هیوا، ژ 7، پاییزی 1990، ل7 ـ21 دا بڵاو
کراوه‌ته‌وه.
(10) نه‌وشیروان مسته‌فا ئه‌مین له کتێبی «چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌ک
له مێژووی ڕۆژنامه‌وانیی کوردی 1898ـ1918»دا زانیاریی ورد و دروستی ده‌رباره‌ی
گۆڤاری«هه‌تاوی کورد»نووسیوه و ئاماژه‌ی بی ناوی نووسه‌ره‌کانی کردووه.
له‌وێدا نووسیویه‌تی:«پێم وایه (زه‌هاوی زاده ا.م) و (به‌نی ئه‌رده‌ڵانی ا.م)
نازناوی «محه‌مه‌دی میهری»یه که کوردێکی سنه‌یی بووه، له ئه‌سته‌موڵ
قانوونی خوێندووه، پاشان بۆته پارێزه‌ر و ڕۆژنامه‌وان، دوای بڕانه‌وه‌ی
یه‌که‌مین جه‌نگی جیهانی له ئه‌سته‌موڵ ئیمتیازی گۆڤاری «کوردستان»ی
وه‌رگرتوه». «نه‌وشیروان مسته‌فا ئه‌مین، چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌ک له مێژووی
ڕۆژنامه‌وانیی کوردی 1898ـ1918، به‌رگی یه‌که‌م ، سلێمانی، ده‌زگای چاپ و په‌خشی
سه‌رده‌م،2001، ل134».
ڕونکردنه‌وه: محه‌مه‌دی میهری له گۆڤاری ڕۆژنامه‌ی کورد،
ژماره 4دا که له 12ـ9ـ1913دا ده‌رچووه، وتارێکی به ناوی«له تاریکی بۆ ڕوناکی»
به ئیمزای «به‌نی ئه‌رده‌ڵانی» و له گۆڤاری هه‌تاوی کورد، ژماره1، 24ـ10ـ193دا و
وتارێک به ناوی «سه‌عی بکه‌ین» به ئیمزای«زه‌هاوی زاده ا.م» و هه‌ر له
هه‌مان ژماره‌دا وتارێکی دیکه به ناوی «خه‌فتن به‌سه له‌مه زیاتر» به
ئیمزای «به‌نی ئه‌رده‌لانی» بڵاو کردۆته‌وه.
(Malmisanij, Kurt Milliyetciligi ve Dr. Abdullah Cevdet,
Sweden – Uppsala, Jina Nu, 1986,p.71.
شوکور مسته‌فا ئه‌و به‌شه‌ی ئه‌م کتێبه که
ده‌رباره‌ی محه‌مه‌د میهرییه کردووه به کوردی و له ڕۆژنامه‌ی هاوکاری
ژماره 862، 23،10،1986، ل6دا بڵاوی کردۆته‌وه.
(12) نه‌جمه‌دین مه‌لا، یادی
زانایه‌کی کۆچکردومان، ڕۆژنامه‌ی ژین، ژ1343، پێن شه‌ممه 9ی مایسی 1957، ل1.
(13)
دوکتۆر ئه‌وڕه‌حمانی حاجی مارف، ڕابه‌ری سه‌چاوه له‌باره‌ی زمانی
کوردییه‌وه، به‌غدا، ده‌زگای ڕۆشنبیری و بلاوکردنه‌وه‌ی کوردی، 1989،ل150ـ151.
(14)
دوکتۆر ئه‌وڕه‌حمانی حاجی مارف، ڕابه‌ری سه‌چاوه له‌باره‌ی زمانی
کوردییه‌وه، ل220ـ221.
(15) دوکتۆر ئه‌وڕه‌حمانی حاجی مارف، ڕابه‌ری سه‌چاوه
له‌باره‌ی زمانی کوردییه‌وه، ل 221ـ223. (جێی سه‌رنجه دوکتۆر ئه‌وڕه‌حمان له ل221
دا و له په‌راوێزی ژماره 12ی کتێبه‌که‌یدا نوسیویه‌تی :«ڕه‌نگه چ ئه‌م وتاره
و چ وتاری «اساس» به‌شی تریان هه‌بێ... جا ئێمه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی چه‌ند
ژماره‌یێکی گۆڤاری «کوردستان»مان ده‌ست نه‌که‌وت، نه‌مانتوانی بگه‌ینه
ئه‌نجام».
(16) له گۆڤاری کوردستان، ژ2 . 9ـ2ـ1919 دا ده‌رباره‌ی ئه‌م کتێبه
نووسراوه.
(17) له گۆڤاری کوردستان، ژ2. 9ـ2ـ1919، دا ده‌رباره‌ی ئه‌م فه‌رهه‌نگه
نووسراوه.
(18) له گه‌لێک ڕێگاوه هه‌وڵمداوه په‌یوه‌ندیی به یه‌کێک له
کوڕ و کچه‌کانی محه‌مه‌دی میهرییهوه بکه‌م. نامه و ئیمایلم بۆ چه‌ند که‌س و
ده‌زگا له تورکیا ناردووه، به‌ڵام تا ئێستا ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌م بۆ دروست
نه‌بوه. به‌و پێیه‌ی که سه‌لاحه‌دین هیلاڤ نووسه‌ر و وه‌رگێڕ و
که‌سایه‌تییه‌کی ناسراوی تورکیایه و ڕه‌نگه دۆزینه‌وه‌ی ئاسان تر بێت، بۆیه
زیاتر هه‌وڵمداوه په‌یوه‌ندیی به‌وه‌وه بکه‌م. ئومێده‌وارم له
ڕێگایه‌که‌وه بتوانم سه‌باره‌ت به باوکی و به‌رهه‌مه‌کانی پرسیاری لێبکه‌م.
سه‌لاحه‌دین هیلاڤ ساڵی 1929 له ئه‌سته‌مبوڵ له‌دایک بووه. نووسه‌ر و
وه‌رگێڕێکی به‌ناوبانگی تورکیایه. ده‌رچووی زانکۆی سۆربونه، شاره‌زای
فه‌لسه‌فه و سۆسیۆلۆژیا و سایکۆلۆژییه، چه‌ندین کتێبی چاپکراوه و
بڵاوکراوه‌ته‌وه. وه‌کوو ئاگادارم ئێستا له ئه‌سته‌مبوڵ ده‌ژی، به‌ڵام باری
ته‌ندروستی باش نییه.
محه‌مه‌دی میهری کوڕێکی دیکه‌شی باناوی نه‌جمه‌دین
هیلاڤ هه‌بوه، که ئه‌ویش نووسه‌ر و لێکۆڵه‌ر بووه و له 9ـ2ـ2000 دا کۆچی دوایی
کردووه.
(19) گ.م.«گیوی موکریانی » یه‌کێتی زمانی کوردی، گۆڤاری هه‌تاو، ژماره 75،
ساڵی سێیه‌م، چوارشه‌ممه 10ـ10ـ1956، ل1. (جێی سه‌رنجه که له سه‌ر به‌رگی ژماره
75ی گۆڤاری هه‌تاو نووسروه «چوارشه‌ممه ڕه‌زبه‌ر 10 ایلول1956»، که‌چی له
یه‌که‌م لاپه‌ڕه‌ی ئه‌و ژماره‌یه‌دا «چوارشه‌ممه ڕه‌زبه‌ر 10(تشرین)1965»
نووسراوه! وه‌کوو لێکمداوهتهوه ده‌بێت ژماره 75ی گۆڤاری هه‌تاو له ڕۆژی
چوارشه‌ممه 10ـ10ـ1956دا ده‌رکرابێت و به هه‌ڵه مێژووه‌که به‌و جۆره
نووسرابێت! ئاشکراشه که هه‌ڵه‌ی له‌و جۆره له مێژووی ڕۆژنامه‌نووسی کوردی‌دا
نموونه‌ی زۆره !
(20) دیجله کایناگی(سه‌رچاوه‌ی دیجله) : هه‌فته‌نامه‌یه‌کی
سیاسی بووه، له ئه‌ستامبوڵ به زمانی تورکی ده‌رکراوه. له‌ژێر ناوه‌که‌یدا
نووسراوه : «ڕۆژنامه‌یه‌کی سیاسیی سه‌ربه‌خۆیه ـ هه‌موو شتێک بۆ گه‌ل» . مووسا
عه‌نته‌ر و حوسێن دیکیجی ده‌ریانکردووه. یه‌که‌م ژماره‌ی له یولی 1948 و
ژماره(30) له 17ـ3ـ1949دا ده‌رکراوه. ڕه‌نگه زیاتری لێ ده‌رکرابێت. {ده‌رباره‌ی
بڕوانه : له کوردستانا باکور و له تورکیه ڕۆژنامه‌گه‌رییا کوردی، ل99
ـ102}.
(21)Musa Anter, Hatiralarim, Istanbul-2000,p.76
(22) عه‌لادین سجادی، مێژووی ئه‌ده‌بی کوردی،
چاپی دوه‌م، به‌غداـ 1971، ل5.
(23) ده‌قی ئه‌م شیعره له گۆڤاری هه‌تاوی کورد،
ژماره 3. 11ـ1ـ1914 دا بڵاوکراوه‌ته‌وه. بڕوانه مه‌حمود زامدار، هه‌تاوی کورد و
سه‌رده‌می ڕاپه‌ڕین، گۆڤاری کاروان، ژ53، شوبات و مارتی1987،ل80).
(24) گۆڤاری هه‌تاو،
ژماره46، تشرینی دوه‌م1955.
چه‌ند ڕوونکردنه‌وه‌یه‌ک :
یه‌که‌م ـ
ئه‌وه‌نده‌ی من ئاگادارم چه‌ند شاعیر و نووسه‌رێکی دیکه‌شمان هه‌بوه که
نازناوی «میهری»یان هه‌بووه، وه‌ک:«محه‌مه‌د شه‌ریف کوڕی مه‌لا ئیبڕاهیم
حه‌نه‌فی» که خه‌ڵکی شاری هه‌ولێر بووه. له 1911 له‌دایک بووه و له 7ـ11ـ1942 دا
کۆچی دوایی کردووه.
ده‌رباره‌ی بڕوانه : 1ـ میهری هه‌ولێر، گۆڤاری هه‌تاو،
ژماره 49، ساڵی دووه‌م، 10ـ11ـ1955،ل9ـ10.
2 ـ جه‌لال خدر، یادی میهری، گۆڤاری کاروان،
ژماره 187، ئۆکتۆبه‌ری2004، ل161ـ164.
هه‌روه‌ها شاعیرێکی دیکه‌شمان به‌ناوی «میهری
مزوری ئامێدی»هه‌بوه که له 1791 له ئامێدی له دایکبووه و له 1881 دا کۆچی
دوایی کردووه. [ده‌رباره‌ی میهری مزوری ئامێدی بڕوانه : بابامردوخ روحانی، تاریخ
مشاهیر کرد، جلد1، تهران 1264، ص473[.
دوه‌م ـ محه‌مه‌د ره‌سوڵ هاوار، له کتێبی
«کورد و کوردستان له دوای شه‌ڕی یه‌که‌می جیهانیه‌وه» باسی گۆڤاری(کوردستان،
1918 ئه‌سته‌موڵ)ی کردوه و نوسیویه‌تی:« خاوه‌نی ئیمتیازی گۆڤاری کوردستان
محه‌مه‌دی مه‌هدی» بوه. چه‌ند جارێک ناوه‌که‌ی دوباره کردۆته‌وه و هه‌موو
ڤارهکان هه‌ر «محه‌مه‌دی مه‌هدی» نوسیوه، که ئه‌وه هه‌ڵه‌یه و
ده‌بوا«محه‌مه‌دی میهری» بنووسیایه.
بڕوانه: م. ڕه‌سوڵ هاوار، کورد و
کوردستان له دوای شه‌ڕی یه‌که‌می جیهانیه‌وه، به‌رگی دووه‌م، سلێمانی،
چاپخانه‌ی خاک،2002، ل87ـ88.
سێیه‌م ـ هه‌تاکو ماوه‌یه‌ک له‌مه‌وپێشیش وامده‌زانی
محه‌مه‌دی میهری له 19ـ4ـ1957 دا کۆچی دوایی کردووه، به‌ڵام وه‌کوو خۆن بۆم
ده‌رکه‌وتووه و لێکمداوهتهوه ئه‌و مێژووه هه‌ڵه‌یه و به‌پێی هه‌ندێک
زانیاریی له هاوینی 1956 دا کۆچه دوایی کردووه. هه‌تاکو ئێستا ڕۆژ و مانگه‌که‌م
بۆ ساغ نه‌بۆته‌وه.
چواره‌م ـ ئه‌م لێکۆڵینه‌وه‌یه له بنه‌ڕه‌تدا له
مانگی مارتی1989 له شاری به‌غدا نوسیومه، دواتر له کات و شوێنی جیاجیادا
ئه‌وه‌نده‌ی به پێویستم زانیبێت گۆڕانکاریم تێدا کردوه و زانیارییم لێ زیاد
کردوه.

















